20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە
بەنداوى دێوانە سەرڕێژ بوو؛ ژوورى کۆنتڕۆڵى ئاو ژێر ئاو کەوت
964+
وریا فەتاح
بەهۆى ئەو بارانەى ماوەیەکە سنوورى دەربەندیخانى گرتووەتەوە، بەنداوى دێوانە سەرڕێژ بووە و لە ئێستادا زیاتر لە قەبارەى خۆى ئاوى تێدایە، بەڵام بەهۆى گەڕانەوەى ئاوى سەرڕێژ بوو، ژووى کۆنتڕۆڵى ئاوى بەنداوەکە ژێر ئاو کەوتووە.
جەمال شێخ محەمەد، بەڕێوەبەرى بەنداوى دێوانە بە 964ـى وت،”لەئێستادا بەنداوەکە زیاتر لە 20 ملیۆن مەترسێجا ئاوى تێدایە و سەرڕێژ بووە”.
بەپێى ڤیدیۆیەک کە هاوڵاتییەک بۆ 964ـى ناردووە، دەردەکەوێت بەهۆى سەرڕێژبوونەکە، ژوورى کۆنتڕۆڵى ئاوى بەنداوەکە، ژێر ئاو کەوتووە.
جەمال شێخ محەمەد، وێڕاى پشتڕاستکردنەوەى هەواڵى ژێر ئاوکەوتنى ژوورى کۆنتڕۆڵى بەنداوەکە، وتیشى،”هیچ مەترسی نییە نە بۆ شۆرتى کارەبا نە بۆ بەنداوەکە و نە بۆ خوار بەنداوەکە”.
روونیشى کردەوە، بەهۆى ئەوەى پێش بارانەکە لە بەشى خوارەوە بڕینیان ئەنجامدابوو، بۆیە ئاوى بەنداوەکە دواى سەرڕێژ بوون ئاراستەکەى گۆڕیوە و ژوورەکەى شاردووەتەوە.
بەنداوی دێوانە، دەکەوێتە باشووری قەزای دەربەندیخان بۆ كاری كشتوكاڵی سوودی لێوەردەگیرێت، کە 42 مەتر بەرز و 260 مەتر پانە، تێچووی دروستكردنی 24 ملیار دینار بووە و توانای گلدانەوەی 19 ملیۆن و 122 هەزار مەترسێجا ئاوى هەیە و لە ئێستادا زیاتر لە 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە.