دوای ساڵێک یەکتریان بینییەوە
بڕیارێکی ئەم ئەفسەرە ژیانی پێشمەرگەیەکی رزگارکرد
دیلان محەمەد- سلێمانی
ساڵێک لەمەوبەر لە رێی تەکیە چەمچەماڵ ئەفسەرێک کاتێک بۆ ئەرکەکەی رۆیشتووە، دەبینی پیاوێک لە قەراغی شەقامەکە کەوتووە و حاڵی خراپە، زوو دەچێت بە هانایەوەو دەیگەیەنێتە نەخۆشخانە، دوای ساڵێک ئێستا رزگارکەرو رزگاربووەکە لەبەردەم کامێرای 964 یەکتریان بینییەوە.
چیرۆکەکە بەم شێوەیە بووە: مولازم غەمبار رەشید زەنگەنە ئەفسەری پاسەوانی سنوورە، بەیانییەکی زوو دەچێت بۆ ئەرکەکەی دەبینێت کەسێک لە قەراغی شەقامەکە لەسەر دەم کەوتووەو بار هەڵگرەکانیش ئەوەندە لێوەی نزیکن خەریکە سەری دەشێلن، زوو ئۆتۆمبێلەکە رادەگرێت و لەگەڵ شۆفێرەکەیدا دەچن بۆ لای پیاوەکە، سەرەتا وادەزانن گیانی لە دەستداوە، بەڵام کە لێی نزیک دەبێتەوە دەبینێ هێشتا هەناسە دەدات، بۆیە زوو لەگەڵ چەند کەسێک دەیگەیەننە نەخۆشخانە.
دەستوبردی مولازم غەمبار وادەکات ژیانی کەسەکە رزگار ببێت.
سیامەند حەمەسوور ئەو پێشمەرگەیەیە کە مولازمەکە رزگاری کردووە، ئەو کاتە چووە موچە وەربگرێت، بەڵام لەسەر ماتۆڕەکەی کەوتووەو تووشی ئەو رووداوە بووە.
مولازم غەمبارو سیامەند لەبەردەم کامێرای 964 یەکیان بینییوە، مولازمەکە زۆر دڵخۆشە کە ئەم پیاوەی رزگارکردووە، پێشمەرگەکەش دەڵێ ئەم بەهانامەوە نەهاتایە گیانم لە دەست دەدات.
لەسەر ئەم کارە پاسەوانی سنوور بڕیاریانداوە خەڵاتی مولازم غەمبار بکەن.
چاوپێکەوتنی مولازمەکەوە پێشمەرگەکە لەو ڤیدیۆیەدا هەیە کە لەگەڵ هەواڵەکە هاوپێچ کراوە.