بەراورد بە پار 20% زیادی کردووە
ئەمساڵ لە سەنتەری هەولێر نزیکەی 300 هەزار دار و گوڵ چێندراون
964+
فەرهاد حەسەن
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لە سەنتەری پارێزگاکەی رێژەی سەوزایی زۆر زیاد كراوە و تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا نزیکەی 300 هەزار دار و گوڵ چێندراون.
ئومێد خۆشناو بڵاویکردووەتەوە، لە رێگەی هەرسێ نەمامگەکەی ئەندازەی پارکەکان ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی چاندنی دار و گوڵ لە 20% زیادی كردووە.
دەڵێت، 128هەزار و 341 هەزار دار، لەگەڵ 106 هەزار و 527 گوڵ چێنراون، کە لە شەش ساڵی رابردوو نەگەیشتووەتە ئەم رێژەیە، ئەو دارانەی چاندراون لە جۆرەکانی سیسەم، ئەلبزیاو، دەدۆنیان و پێ حوشتر بوون، چونكە ئەمانە بەرگەی كەشوهەوای شاری هەولێر دەگرن.
زۆربەی ئەم دارانە لە دوورگە ناوەندییە نوێیەكان یاخود لەشوێنی قەرەبووی دارە وشكبووەكان و دارە شكاوەكان چێندراون.
جگە لە كاری چاندن، ئەمساڵ زیاتر لە 73 شوێن لە پارك و باخچە و نافورە و شەقامە سەرەكییەكان و دوورگە ناوەندییەكان نۆژەنكراونەتەوە.
لە رێگەی پلانیشەوە، كار لەسەر زیادكردنی رێژەی سەوزایی شار دەكرێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر، لەماوەی كابینەی نۆدا، ملیۆنێك و 500 هەزار دار و گوڵ لە سنووری هەولێر چێندراون، جگە لەمەش نەمام بۆ شارەوانییەكانی سۆران، ئاكرێ، شەقڵاوە و بەردەڕەش ناردووە، بەشێكیش دراوە بە مزگەوت، قوتابخانە و هاونیشتمانیان.