لە شاخەکانەوە تاوەکو بەر دەرگای ماڵەکەت
رێکخراوێکی ژینگەیی داوا لە هاوڵاتیان دەکات لەم زستانە ئاژەڵ و باڵندەکان بێ خۆراک نەکەن
964+
فەرهاد حەسەن
رێکخراوێکی ژینگەیی داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات هەریەکە ولای خۆیەوە خۆراکی جۆراوجۆر بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان دابین بکەن چونکە دەڵێت، بەم زستانە پێویستیان بە خۆراکە.
مەعرووف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستی ژینگەم لە خەمی برسیبوونی ئاژەڵ و باڵندەکان هاتووەتە دەنگ و بە پێویستی دەزانێت لەکاتی هاتنی وەرزی زستان و بەفرباریندا، لەبەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان، خواردن و دانەوێڵە بۆ باڵندە و ئاژەڵەکان دابندرێت.
دەڵێت “پرسیارم لە چەند پزیشکێکی ڤێرتێنەری کردووە، دەبێ لانیکەم جۆری ئەو خۆراک و دانەوێڵانە بزانین کە دەیبەینە ئەو شوێنانە، بە تایبەتی خۆراکەکان نەبنە هۆکاری زیان گەیاندن بە باڵندە و ئاژەڵەکان”.
ئاماژەی بەوەشکردووە مەرج نییە خۆراکەکان تەنیا ببردرێن بۆ ناوچە شاخاوییەکان، بەڵکو لە ماڵەوە یاخود لە چۆڵەوانی نزیک گەڕەکەکان، دەکرێ پاشماوەی خۆراکەکان دابندرێن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی سەرۆکی رێکخراوەکە ئەم خۆراکانەی خوارەوە باشترینیانن کە بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان دابندرێن؛
– بۆ باڵندەکان (چۆلەکە، کۆتر، ڕیشۆڵە) گەنم، جۆ، بڕوێش و نیسک، تۆوی گوڵەبەڕۆژە، برنجی کوڵاو و نان.
– بۆ پشیلە و سەگی بێلانە؛ پاشماوەی گۆشت و مریشک: پارچە گۆشت، پێستی مریشک، یان چەوری زیادەی گۆشت، خواردنی ئامادەکراوی وشک، هێلکەی کوڵاو.
مەعروف مەجید بە پێویستی دەزانێت ئەم خاڵە گرنگانە بۆ پێدانی خۆراک بە ئاژەڵ و باڵندەکان لەبەرچاو بگیرێت؛
ئاو: لە زستاندا زۆرجار سەرچاوەکانی ئاو دەیبەستن یان دەبنە قوڕ و لیتە، دابینکردنی قاپێک ئاوی خاوێن بەقەد خۆراکەکە گرنگە.
شوێنی وشک: ئەگەر دەتوانیت، خۆراکەکە لە شوێنێکی وشک و دوور لە بەفر و باران دابنێ تاوەکو تێک نەچێت و ئاژەڵەکەش بە ئارامی بیخوات.
خوێ و بەهارات: هەوڵبدە ئەو خۆراکانەی دەیاندەیتێ زۆر سوێر یان تووند نەبن، چونکە زیان بە کۆئەندامی هەرسیان دەگەیەنێت.
شوێنی حەوانەوە: ئەگەر بۆمان کرا لە ماڵەوە یا لە هەر شوێنێکی گونجاو هێلانە یا کولانە بۆ باڵندە و ئاژەڵەکان دروست بکەین، ئەویش بە چەند رێگەیەکی ئاسان دوور لە تێچوونی ماددی دەکرێ کەلوپەلی پاشماوە بەکاربهێنین، بۆ ئەوەی لە سەرمای زستان پارێزراو بن بە تایبەتی لەکاتی بارانبارین یا بەفربارین، هەر وەکو چۆن لە وەرزی هاوین پێویستیان بەشوێنی فێنک و سێبەر هەبوو.