دۆناڵدۆ ترەمپ:

“لەگەڵ سەرۆكی رووسیا پەیوەندییەكی زۆرباش و بەرهەمدارمان ئەنجام دا”

ئەرسەلان عەبدوڵا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی “زۆر باش و بەرهەمدار”ی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا ئەنجامداوە، ئەمەش پێش کۆبوونەوەی پلان بۆ داڕێژراوی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا.

سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە کە ئەو پەیوەندییەكە “ژمارەیەک بابەتی بەرژەوەندی هاوبەشی گرتەوە، بە پلەی یەکەم پێشهاتەکانی قەیرانی ئۆکرانیا، هەروەها پرسە ئەمنی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان”، جەختیشیکردەوە لە گرنگیی بەردەوامی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ لەم کاتە هەستیارەدا.

ترەمپ دەڵێت، “پەیوەندییەكە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندایە کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرژییەکان و دۆزینەوەی رێگاکانی گفتوگۆیە”.

سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرای كرد، کۆبوونەوەی داهاتووی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا تاوتوێی رێگاکانی بەرزکردنەوەی سەقامگیری و پشتیوانیکردن لە چارەسەرە سیاسییەکانی قەیرانەکە دەکات.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە گرژییە سیاسی و ئەمنییەکان لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی پەرەدەستێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بانگەوازەکان بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی دیپلۆماسی و چڕکردنەوەی راوێژکارییەکانی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەرەسەندندایە.

ترەمپ هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، كە هەردوو لایەنی رووسی و ئۆكرانی لەگەڵ وەستانی شەڕدان و دەیانەوێت بگەنە ئاشتی.