لەناو گەردەلوولی بەفر
سەردەشت؛ ئەو 14کەسەی بێ سۆراغ بوون موعجیزە ئاسا دۆزرانەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە رزگارکردنێکی موعجیزەئاسادا، 14 کەس لە گەردەلوولی بەفر و لە ناوچەیەکی سەردەشت، دوای نزیکەی پێنج کاتژمێر گەڕانی هەناسەبڕکێ، لەلایەن مانگی سوور و هێزە ناوخۆییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرانەوە.
ئەو کەسانە کە تائێستا ناسنامەیان بە روونی دیاری نەکراوە، لە ناوچەیەک بوون بە ناوی قەڵدان، کە دەکەوێتە نێوان چیاکانی مالیموس و بێلفەت لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و گیریان خواردبوو.
مانگی سووری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 28.12.2025، لە راگەیاندراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێت، سەرەڕای بارودۆخی کەشوهەوای لەرادەبەدەر نالەبار و گەردەلوولێکی توند و بەفراوی، هێزەکانی فریاگوزاری مانگی سوور بە یاوەری هێزە ناوخۆییەکان توانیان هەموو کەسە ونبووەکان بە زیندووی بدۆزنەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، تیمەکان نزیکەی پێنج کاتژمێر لە گەڕانێکی ماندووکار گەڕاون تا گەشتوون بەو کەسانە کە بەهۆی بەفربارینێکی تووند ون بوون و نەیانتوانیوە لە چیاکان بگەڕێنەوە ناوچەی ئاوەدانی و بێ سۆراغ بوون.
ئەوە لە کاتێکدا، رۆژی هەینی 26.12.2025، لە کاتی تێپەڕبوون بە ناوچە سنوورییەکانی میراوەی سەر بە شاری سەردەشت، ژمارەیەک کۆڵبەر کەوتنە بەر رەنووی بەفر، بەهۆی سەختی رووداوەکە و نالەباری کەشوهەوا، چوار کۆڵبەر لەژێر بەفردا گیریان خوارد.
سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە، کە لەو رووداوەدا دوو کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و دووانی دیکەش دیکەش بریندار بوون، بریندارەکان دۆخی تەندروستییان لەژێر چاودێریدایە.