زیاتر لە 800 تەرمیشیان گواستووەتەوە

رۆژانە نزیکەی 50 دەرچوونی ئەمبوڵانس لە فریاكەوتنی خێرای سلێمانی هەبووە

فەرهاد حەسەن

تەندروستی سلێمانی دەڵێت، لە بەشی فریاکەوتنی خێرا رۆژانە نزیکەی 50 دەرچوونی ئەمبوڵانس بۆ هاوڵاتیان هەبووە و لەماوەی یەک ساڵیشدا ئەمبوڵانسەکانیان زیاتر لە 800 تەرمیان گواستووەتەوە.

بەپێی ئامارێک کە بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی ئەمساڵدا 16 هەزار و 844 دەرچوونی ئامبوڵانسەکان لە سەنتەری فریاكەوتنی خێرای تەندروستی 122 بۆ فریاكەوتنی خێرا و بە هاناوەچوونی هاوڵاتیان ئەنجام دراوە، لەو ژمارەیە  چوار هەزار و 17 دەرچوون كۆدی سوور بووە.

هاوكات لەماوەی ئەمساڵدا لە سەنتەری فریاكەوتنی خێرای تەندروستی 819 حاڵەتی گواستنەوەی تەرم بۆ پزیشكی دادیی و  دوو هەزار و 894 دەرچوونی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ماڵەوە بۆ نەخۆشخانە و بە پێچەوانەوە و  چوار هەزار و 722 گواستنەوەی نەخۆش لەناو شار و  چوار هەزار و 392 گواستنەوەی نەخۆش بۆ دەرەوەی شار تۆماركراون.