كێشەی نەبوونی رێگا چارەسەر بوو 

ستوونەكانی گوندی سەردار كەوتوونەتە ناوەڕاستی رێگا و داوای لابردنی دەكەن

+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دانیشتووانی گوندی سەردار كێشەی هاتوچۆیان چارەسەر بوو، بەڵام ئێستا كێشەیەكی دیكەیان هەیە، ئەویش ستوونی كارەبا ناوەڕاستی رێگای گوندەكەی لێگرتوون.

ئەسعەد ئەنوەر دانیشتووی گوندی سەردارە بۆ 964 وتی، “ئەو ستوونانە ئەگەر لانەبرێن ئۆتۆمبێل خۆی پێدا دەكێشێت و مەودای هاتوچۆش كەم دەكاتەوە، بۆیە داواكارین لاببرێت.”

عەبدولباست جەلال، موختاری گوندی سەردار بۆ 964 لەمبارەیەوە دەڵێت، ” لادانی ئەم ستوونانە پەیوەستە بە پڕۆژەی رووناكی و كارەبای 24 كاتژمێری و داوامان كردووە بگوازرێنەوە .”

ئەمڕۆ شەممە 27.12.2025 سەرۆكی شارەوانیی هەولێر كارزان عەبدولهادی لە بارەی ئەو ستوونانەی رێگای گوندەكە، قسەی بۆ 964 كرد و دەڵێت، “بە دڵنیاییەوە شوێنی ئەو ستوونانە دەگۆڕین و ئەگەر كێشەكە پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت و ئەوا چارەسەر دەكەین .”

لە رۆژانی رابردووش 964 دەنگی هاوڵاتیانی گوندی سەرداری گەیاندە لایەنە بەرپرسەكان، كە رێگای گوندەكەیان بۆ كۆنكرێت كرا و ئێستا لەم رووەوە كێشەیان نەماوە.

گوندی سەردار کە لە رابردوودا ناوی “عەزە و قونیان” بووە، تەنیا 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی شەمامکە،  ئێستاش گوندەکە لە رووی خزمەتگوزاریی شارەوانییەوە خراوەتە سەر سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سەردار لە قوڕ رزگاری بوو بەڵام ستوونەکانی کارەبا بوونە...

سەردار لە قوڕ رزگاری بوو بەڵام ستوونەکانی کارەبا بوونەتە کێشە