شەشیان رەوانەی سلێمانی کران
ژمارەی بریندارانی رووداوەکەی مەرزی کێلێ 9 هاوڵاتین
964+
فەرهاد حەسەن
964 بەدواداچوونی زیاتری بۆ روودارەکەی مەرزی کێلێی سەر بە قەزای پشدەر کرد و دەرکەوت کە جگە لە گیان لەدەستدانی هاوڵاتییەک، نۆ هاوڵاتی دیکەش بریندارن.
د، عوسمان گەناوی، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ بە 964 ی راگەیاند، ئەوەی گیانی لەدەستداوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەیە بە ناوی سەرکەوت پیرۆت و نۆ هاوڵاتی دیکەش بریندارن.
وتیشی “شەش لەو بریندارانە بە هۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییان رەوانەی سلێمانی کراون”.
روونیشیکردەوە، ئەو سێ بریندارانەی لای ئەوان ماون دۆزی تەندروستییان جێگیرە بە تایبەتیش منداڵێک لەناو بریندارەکانە تەندروستی زۆر باشە.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی هەینی روویداوە، خێزانێک بەمەبەستی چوونە ناو بەفر سەردانی رێگاکەی مەرزی کێلێیان لە سنووری قەزای پشدەر کردووە بەڵام لە رێگاکە ئۆتۆمبێلەکەیان کە جۆری مەرزییە بووە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕا.