دهۆک؛

سزای توند بۆ ئەو کەسانە دیاریکرا کە ئاگر لە باخچەکان بەردەدەن

ژێوار خدر

هەوای شاری دهۆک بەهۆی کردنەوەی ئاگر لەناو باخچە و بێستانەکاندا پیس بووە، پارێزگاری شارەکەش دەڵێت، هەر کەسێک  پاشماوەکان بسووتێنێت و ژینگە تێکبدات، رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، بەهۆی ئەو ئاگرانەی لەناو باخچە و بێستانەکانی ناو شاری دهۆک دەکرێنەوە، هەوای شارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو پیس بووە، بۆیە فەرمانی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس، بەرگری شارستانی، شارەوانییەکان و قایمقامیەتەکان کردووە کە بە توندی سزای هەر کەسێک بدەن کە دەبێتە هۆی ئەم سەرپێچییە.

روونیشیکردووەتەوە، پیسکردنی هەوای شارەکان و سووتاندنی پاشماوەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەر سەرپێچیکارێک لەو بڕیارانە لابدات، بەبێ چاوپۆشی رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگە و تەندروستی دانیشتووانی شارەکە.