دوای راپۆرتەکەی 964؛
خێرخوازان بەهانای ئەو گەنجەوە چوون کە سەیارەکەی سووتا
964+
ئاکام غەفور – سۆران
خێرخوازان بەهانای ئەو گەنجەوە چوون کە دوێنێ ئۆتۆمبێلەکەی سووتا و تا ئێستا سێ ملیۆن دیناری بۆ کۆکراوەتەوە.
فریانەکەوت قەرزی سەیارەکەی بداتەوە؛ سووتا و بوو بەخەڵووز
دوێنێ سێشەممە 24.12.2025 سەیارەی هاوڵاتییەکی دانیشتووی خەلیفان کە بە هەزار و یەک دەردە سەری و قەرزوقۆڵە کڕیبووی، ئاگریگرت و بوو بە خەڵووز.
ئەمڕۆ هاوڕێ رەشید کە خێرخوازێکی خەلیفانە، بە 964ـی وت، “من سێ ملیۆن دینار دەبەخشم بەو گەنجەی کە ئۆتۆمبێلەکەی سووتاوە، داواش لە خێرخوازان دەکەم یارمەتیم بدەن بۆ ئەوەی بتوانین ئۆتۆمبێلەکە بۆ گەنجکە بکڕینەوە، چونکە تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانی بوو”.
هاوڕێ پڕۆژەیەکی خێرخوازی هەیە کە 200 کەس تێیدا بەشدارن، مانگانە هەر یەکەی 10 هەزار دینار دەبەخشێت، ئەو خێرخوازە سێ ملیۆن دینارەکە لەو پارەیە دەبەخشێت بە گەنجەکەی خەلیفان.
پێشتر خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە رامیار محەمەد قسەی بۆ مایکی 964 کردبوو و باسی لەوەکردبووە کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر ئۆتۆمبێلەکەی بە دوو هەزار و 800 دۆلار کڕیوە، هەندێک لە پارەکەی بەقەرز و هەندێکیشی خێرخواز بۆیان داوە، هێشتا هەموو قەرزەکانی نەداوەتەوە، سەیارەکەی ئاگریگرتووە و سووتاوە.
رامیار خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، یەکێک لە منداڵەکانیشی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام گەنجێکی بەورە و بەقەناعەتە و وتبووی، “سەیارەکەم سەرچاوەی بژێوی خێزانەکەم بوو، بەڵام دیارە قەدەری خودا وابووە و هەرچی لەلای ئەوەوە بێ بەزیادبێ”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری