نیو ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەو کەسەی زانیاری بۆ کۆبکاتەوە
هەوڵی کوشتنی سەرمایەدار و سەرۆک هۆزێکی کورد لە بەرلین میدیاکانی ئەڵمانیا دەتەنێت
فەرهاد حەسەن
لە گەڕەکێکی ئارام و بێدەنگی بەرلین، دەنگی گوللـە ئارامی گەڕەکەکەی تێکدا، زیاتر لە 20 گوللـە تەقێندران، بەڵام جامی گولـلەنەبڕ سەرۆک هۆزێکی کوردی بەناوی (مێهمەت . ک – محەمەد) لە مردن رزگار کرد، پۆلیسی بەرلین بەو هەمو ئەزموونەی خۆیانەوە سەریان لە ئازایەتی ئەنجامدانی تەقەکردن بە رۆژی روناک سوڕماوە و بەدوای ئەنجامدەرانی تاوانەکەدا دەگەڕێت.
بەشی عەرەبی ئاژانسی هەواڵی DW بڵاویکردەوە، لە گەڕەکی لیشتیرفیڵدەی بەناوبانگ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، پێشنیوەڕۆیەکی ئارام گۆڕدرا بۆ ئاڵۆزی و پشێوی، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو 20 گوللـەیان نا بە ماڵی پیاوێکی خاوەنکاری بەناوبانگ و سەرۆک هۆزێکی کورد بەناوی “مێهمەت.ک” لەکاتێکدا نەخۆش بوو لەسەر جێگاکەی کەوتبوو، بەڵام بەهۆی پەنجەرە گوللـەنەبڕەکانی ماڵەکەیەوە لە مردن رزگاری بوو.
رۆژنامەی بەرلینەر تساویتۆنگ بڵاویکردەوە، هێرشەکە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە 17.12.2025 روویداوە، دوای چەند کاتژمێرێک مێهمەت بێدەنگی شکاند و لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە “دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە و خۆم و خێزانەکەم لەو هێرشە سەلامەت بووین.”
سەرۆک هۆزە کوردەکە دەڵێت “لە هەموو تەمەنمدا نەترساوم، بەڵام ئەوەی نیگەرانی کردووم ئەوەیە ئەو کردەوە ترسنۆکانە کراوەتە سەر ماڵێک کە هاوسەر و منداڵەکانم تێیدا دەژین”.
پەیامێکیشی ئاراستەی تەقەکەرەکان کردووە و دەڵێت “ئەگەر پیاون روبەڕووی خۆم ببنەوە.”
لە هەنگاوێکدا کە رۆژنامەکانی ئەڵمانیا وەک مەترسیدار بڵاویان کردووەتەوە، میهمەت خەڵاتی 500 هەزار یۆرۆی دیاریکردووە بۆ ئەو کەسەی زانیاریی پێبدات لەسەر کردەوەکە کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان و دەشڵێت: “ئەو دیمەنانە بڵاودەکەمەوە کە چۆن لە ترسدا وەک مشک هەڵدێن.”
لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لە رووداوەکە بەردەوامە، بەقسەی پۆلیس، تۆمەتبارەکان شارەزای شوێنی ماڵەکە بوون و پێشتر چوونەتە ناوچەکە، لیژنەی لێکۆڵینەوەش لە تاوانی کوشتن بەشداری دۆسیەکە دەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر سەندیکای پۆلیس هۆشداریی داوە لەوەی تاوانی رێکخراو لە بەرلین بەشێوەیەکی مەترسیدار تەشەنەی سەندووە.
ئەو سەرۆک هۆزەی هێرشی کراوەتەسەر، کەسێکی دەوڵەمەند سەرمایەدارە، خاوەنی چێشتخانە و هۆڵی یارییە و بەوتەی پۆلیس “دوژمنی زۆرە”.
ئاژانسی DW پرسیاری ئەوەی کردووە، کێ لە پشت ئەو هێرشە ئازایانەوەیە لە رۆژی نیوەڕۆدا، ئایا شەڕی هەژموونی نێوان هۆزەکان بووە یان پاکتاوی ناکۆکی کەسیی بووە.