لە 964ـەوە موژدەیان پێ دەدرێت

کۆڵانەکانى پیرداود کەڵکی هاتوچۆیان نەماوە

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

دانیشتوانى گوندى پیرداود لە ناحیەى شەمامک، گرفتارن بەدەست چاڵوچۆڵى کۆڵان و شەقامەکانیان، لە زستاندا قوڕ و لیتە و چڵکاو بێزاریان دەکات، لە هاوینانیش تەپوتۆز، شارەوانیش بەڵێنیان پێدەدات کە چارەسەر نزیکە.

مەریوان مەحەمەد، دانیشتوویەکی گوندەکەیە، بە 964ـى وت “ئۆتۆمبێلەکانمان وێران بووە، چەند رۆژێک پێش ئێستا منداڵێکی باخچەی ساوایان بەیانییەکەی کەوتە ناو چڵکاوەکەوە، کۆڵانەکان ئەوەندە خراپ بوون، کەڵکى هاتوچۆیان نەماوە”.

هەروەها سەهەند و مەحەمەد کە دوو قوتابین، باس لەوە دەکەن کە بەهۆی پیسبوونی جلەکانیانەوە ڕۆژانە چەند جارێک دەبێت خۆیان بشۆن، تەنانەت خزم و کەسیشیان بەهۆی خراپیی ڕێگاکەوە نایەنە ماڵیان.

وەیسشى فاخیر، گەنجیکى گوندەکەیە و دەڵێت: هەموو جار بەڵێنمان پێدەدەن، بەڵام بۆمان چاک ناکەن، لە کاتێکدا ئەو کۆڵانە رێگاى هاتوچۆى قوتابخانە و بابچەى ساوایان و مزگەوتە.

964، کێشەى ئەو هاوڵاتیانەى گوندى پیرداودى گەیاندە لاى هێمن ئیسماعیل، بەڕێوەبەرى شارەوانى شەمامک، ئەویش بە موژدانەیەک وەڵامى کێشەکەى دایەوە و بە 964ـى وت،”پڕۆژەی چاککردنی ئەو کۆڵانانە دەرچووە و لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە دەست بە کارەکان دەکرێت.”

ناحیەی شەمامک تەنیا 10 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری هەولێرەوە دوورە، لە 53 گوند و چوار گەڕەک پێکدێت، بەڵام هێشتا بەشێک لە گوندەکانی کێشەی خزمەتگوزارییان هەیە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

9 گوندی ناحیەی شەمامک 18 رۆژە موحتاجی کارەبان

9 گوندی ناحیەی شەمامک 18 رۆژە موحتاجی کارەبان