رێڕەوی ناوەڕاست و چەپ لە بارهەڵگرەکان قەدەغەکرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
رێڕەوی لای راستی ئەو شەقامانەی، کە سیستمی نوێی کامێرای خاڵ بۆ خاڵیان تێدا جێگیر دەکرێت، تایبەت دەکرێن بە بارهەڵگرەکان، چیدیکە گەڵابە و تانکەر ناتوانن بێنە ناوەڕاست یاخود رێرەی لای چەپ.
وەزارەتی ناوخۆ، هۆشداریی دەداتە شۆفێری بارهەڵگرەکان، لە کاتی لێخوڕیندا رێڕەوی لای چەپ یان ناوەڕاستی شەقام بەکارنەهێنن، چونکە سەرپێچییە و تووشی سزای دارایی دەبن.
لە رێگەی کامێرای چاودێری خاڵ بۆ خاڵ وێنەی دەگیرێت و سزا دەدرێت
“هەر بارهەڵگرێک رێڕەوەکانی دیکە بەکاربهێنێت و بچێتە ناوەند یان چەپی رێگە، ئەوە لە رێگەی کامێرای چاودێری خاڵ بۆ خاڵ وێنەی دەگیرێت و سزا دەدرێت،” بە پێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە فەیسبووکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە.
بارهەڵگرەکان تەنیا لە کاتێکدا دەتوانن بێنە ناوەڕاستی شەقام، ئەگەر بارهەڵگرێکی دیکە یان ئۆتۆمبێلێک لە پێشیان هەبێت و بە خێراییەکی کەم بڕوات، ئەوکاتە بۆ تێپەڕاندن دێتە ناوەڕاست.
بڕیارە ئەم سیستمە نوێیە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێگیر بکرێت و ئێستا لە بەشێک لە شەقامە خێراکانی هەولێر و سلێمانی جێگیر کراوە، بەڵام هێشتا نەکەوتوونەتە کار.