سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافی مرۆڤ؛

بەهیچ شێوەیەک “سەرخۆشی” کاریگەری لەسەر سزای ئەو تاوانبارە نابێت کە گۆڕستانی شێواندووە

964+

فەرهاد حەسەن

سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافی مرۆڤ دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک “سەرخۆشی” کاریگەری لەسەر سزای ئەو تاوانبارە نابێت کە گۆڕستانی مەسیححەکانی شەقڵاوەی شێواندووە و بۆپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاویشکراونەتەوە کەسی تۆمەتبار مادەی کهولییەکەی بۆ مەبەستی تێکدانی گۆڕستانەکە، کڕیوە.

مونا یاقو، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەک بڵاویکردووەتەوە، کە ئاخۆ ئەو تۆمەتبارەى هێرشى کردبووە سەر گۆڕستانى مەسیحییەکان لە شەقڵاوە، لێخۆشبوون لە سزاکەی دەکرێت بەهۆی ئەوەى لە کاتى تاوانەکەدا سەرخۆش بووە؟

باس لەوە دەکات، دوای ئەوەی چەندین پەیامیان پێگەیشتووە، بەتایبەتی لەلایەن شوێنکەوتوانی مەسیحییەوە، پرسیاریان لە سزای ئەو کەسانە کردووە کە تۆمەتبارن بە تێکدانی گۆڕستانەکان، کە لەوانەیە بەهۆی ئەوەی سەرخۆش بوونە لە سزا رزگاریان دەبێت.

ئاماژە بە دەستووری عێراق دەکات، کە لە هەندێک لە ماددەکانیدا ئیستسنای هەیە، بەڵام لە هەندێکی دیکەدا ئازادی ئایین گەرەنتی دەکات، وەک مادەکانی دووەم، سێیەم، حەوتەم و مادەی 14، ئەمەش بەو مانایەیە کە هێرشکردنە سەر گۆڕستانەکان لە ڕووی دەستوورییەوە ئیدانەکراوە و دەبێت بە توندی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

دەڵێت “لەسەر ئاستی یاسادانانیش، بۆمان دەردەکەوێت کە بڕگەکانی یاسای سزادانی عێراقی هەموارکراوی ئێستا کە کاریان پێدەکرێت، بنەمایەکی یاسایی تۆکمەیان بۆ تاوانبارکردنی ئەم کردەوانە داناوە.بە تایبەتیش لە مادەی 372/1- ج دا هاتووە نث هەر کەسێک بینایەک کە بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی ئایینی مەزهەبێکی ئایینی دیاریکراوە، یان هێمایەک یان شتێکی تری پیرۆزی ئایینی، تێکبدات، زیانیان پێ بگەیەنێت، ناشیرینی بکات، یانتێکیان بدات، بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، سزا دەدرێن.

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، چەند مادەیەکی دیکەی یاساییشی وەکو نموونە باسکردووە کە ئەم جۆرە تاوانبارانەی پێ سزا دەدرێن، باس لە مادەی 61 یش دەکات کە تیایدا هاتووە کە “ئەگەر لەدەستدانی هۆشیاری یان ئیرادە لە ئەنجامی مادەی سەرخۆشکەر یان مادەی هۆشبەر کە تاوانبار بە ئارەزووی خۆی و بە ئاگادارییەوە خواردویەتی، ئەوا سزا دەدرێت لەسەر ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە، تەنانەت ئەگەر بەو تاوانە ئەنجامدرابێت”.

دووپاتی دەکاتەوە کە ، ئەو تاوانەی لەبەرامبەر گۆڕستانەکە کراوە بەتەواوەتی کردەوەیەکی تاوانکارییە و حاڵەتی سەرخۆشی بەهیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر سزای تاوانبار نابێت.

دەشڵێت “باشترە کەسوکاری مردووەکان سکاڵای تایبەتی تۆمار بکەن، بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەتی مردووەکانیان، جەختیش لەوە دەکەینەوە کە پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە بچووکترین وردەکاری دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ ئاڵۆزترین کێشەکان”.

وەکە دەستەکەشیان دووپاتی دەکاتەوە کە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن تاوەکو تاوانبار سزای دادپەروەرانە وەردەگرێت.

گۆڕستانێکی مەسیحییەکانی شەقڵاوە شێوێندراوە و ناوی سەر...

گۆڕستانێکی مەسیحییەکانی شەقڵاوە شێوێندراوە و ناوی سەر کێل و خاچەکانیان شکاندوون

باران زیانی بە گۆڕستانی ئیمام حەسەن گەیاند و لە حاجی ئۆ...

باران زیانی بە گۆڕستانی ئیمام حەسەن گەیاند و لە حاجی ئۆمەرانیش بەفر دەبارێت