"بەرنامەم بۆ وێنەکە دانا و ئیشم لەسەر کرد"
ئەو وێنەگرەی وێنەكەی بووە ئایكۆنی یانەی زاخۆ بۆ 964 دوا
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەو وێنەگرەی وێنەكەی بووە ئایكۆنی یانەی زاخۆ دەڵێ، بۆ ئاژانسی هەواڵی میدڵ ئیست کار دەکات و هەر لەڕێی ئەو ئاژانسەشەوە وێنەکە گەیشتە دەست فیفا.
سەبوور رەشید کە فۆتۆگرافەری وەرزشییە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “وێنەکەم لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یاری نێوان یانەی زاخۆ و حدود گرت، تەماشای وەزعەکەم کرد، زانیم دەنگدانەوەی دەبێت، بۆیە بەرنامەم بۆ دانا کە کاری لەسەر بکەم”.
“فریلانسم و لەگەڵ ئاژانسی میدڵ ئیستی ئەمریکی ئیش دەکەم، وێنەکم بۆ ئەوان نارد و ئەوانیش کە هاوبەشیان لەگەڵ ئاژانسە جیهانییەکان هەیە، لە هەموویان بڵاوبووەوە و بەو شێوەیە گەیشتە دەست فیفا”، سەبوور رەشید وای وت.
ئەمڕۆ سێشەممە 16.12.2025 فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ناسراو بە “فیفا” ئەنجامی دەنگدانی بۆ باشترین هاندەری ساڵ راگەیاند و هاندەرانی زاخۆ پێش ركابەرە ئەرجەنتینی و ئیسپانییەكانیان كەوتنەوە و بوونە یەكەمین هاندەر لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەم خەڵاتە ببەنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری