كۆبوونەوەیەكی تایبەت كرا
هەولێر خۆی بۆ كریسمس و سەری ساڵ ئامادە دەكات
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە هەولێر ئامادەكاری بۆ ئاهەنگەكانی كریسمس و شەوی سەری ساڵ دەكرێت و چەند رێوشوێنێك دەگیرینەبەر، كۆبوونەوەیەكی فراوانیش بۆ ئەم مەبەستە كرا.
كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ دووشەممە 15.12.2025 لە دیوانی پارێزگا، بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو بەڕێوەچوو، كە قایمقام و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لە پۆلیس و تەندروستی و بەرگریی شارستانی بەشدار بوون.
لە راگەیاندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، “لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و رێگەگرتن لە هەر رووداوێکى نەخوازراو و نایاسایی و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی پێویست، ئەرک بەسەر تەواوى هێزە ئەمنییەكان ( پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان ) لە سەرجەم شوێنە گشتییەكان و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییان و گەشتیاران رووى تێدەکەن، دابەشکرا”.
باسی ئەوەش كراوە، پارێزگارى هەولێر، تەئکیدى لەلایەنەكان کردەوە بێجگە لە پلان و بەرنامە و رێککارەکانی تایبەت بە خۆیان، بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەى گەشتیاران، کە ساڵانە بەبۆنەى سەرى ساڵەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى ترەوە روو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن، هەماهەنگ و هاوكاری یەكتربن.
“دڵنیایى بە هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شاری هەولێری پایتەخت دەدرێت، کە بەهەموو توانایەکەوە بە پشتبەستن بە توانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکان، سەروماڵیان پارێزراوە و داواشى لە هاوڵاتییان کرد وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگى هێزەکانى ناوخۆ بن” لە راگەیاندراوەكەدا وا هاتووە.
هەروەها ئەوەش باسكراوە، لە کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن لە بارەى دیاردەى سواڵکردن لە ترافیک و نێو بازاڕ و بەردەم مزگەوتەکان و شوێنە گشتیەکان، جەخت لە رێگەگرتن لەو دیاردە ناشیرین و دزێوى ناو کۆمەڵگە کرایەوە، کە کەسانێک خوویان پێوە گرتووە، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگارى هەولێر لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپارد بەپێى رێنمایی و یاسا بەرکارەکان بۆ نەهێلانى دیاردەى سواڵکردن رێكاری پێویست بگرنەبەر.
ساڵانە لە هەولێر، ئامادەکارییەکان بۆ شەوى سەرى ساڵ و پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ دەكرێت، لەلایەن کەرتى تایبەتیشەوە فێستیڤاڵ و ئاهەنگى فراوانى جەماوەرى ئەنجامدەدرێت، بە هەزاران گەشتیاریش روو لە شارەكە دەكەن.