مانگی رابردوو 13 کوردی رۆژهەڵات لەسێدارە دراون

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە مانگی شوباتدا سیانزە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسێدارە دراون و سێ ژنیش سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەریدەخات، هەر لەو مانگەدا 80 کەس دەستگیر کراون کە 12ـەیان سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە و 13ـەیان لەسێدارەدراون و ئەوانی تریش ئازاد کراون.

کۆمەڵەکە لە راگەیەندراوێکدا، کە دوێنێ شەممە 4.3.2023 بڵاوی کردۆەتەوە ئەوەی ئاشکرا کردووە لە مانگی رابردوودا 16 کۆڵبەر بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران پێکراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەناو دەستگیر کراوەکاندا پێنج مێردمنداڵ بوونیان هەیە، هەروەها لەکۆی چوار ژنی دەستبەسەرکراویش، سێ کەسیان سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراون.

کۆمەڵەکە روونی کردووەتەوە، حکومەتی ئێران هەموو ئەوانەی بە بەشداریکردنی سیاسی و نانەوەی ئاڵۆزی سزاداوە.