"لافاو چووبووە ماڵیان و نەخەوتبوو"
شۆفێری ئەو تانکەرەی لە رووداوەکەی سلێمانی گیانی لەدەستدا خەڵکی شۆڕشە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
شۆفێری ئەو تانکەرەی لە رووداوەکەی سەر شەقامی 100 مەتری سلێمانی گیانی لەدەستدا، خەڵکی ناحیەی شۆڕشـە و هاوڕێکانی دەڵێن، بەهۆی لافاوەکەوە نەخەوتووە و تووشی ئەو کارەساتە بووە.
یەکەم رووداوی هاتوچۆ لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی روویدا
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 15.12.2025 یەکەم رووداوی هاتوچۆ لەسەر شەقامی 100 مەترسی سلێمانی روویدا، دوو تانکەر پێکیاندادا و شۆفێری یەکێک لە تانکەرەکان گیانی لەدەستدا.
رێباز عەبدولقادر هاوڕێی ئەو شۆفێرەیە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “تەمەنی 21 ساڵە و دراوسێمانە لە شۆڕش، لەگەڵ ئێمە باری بار دەکرد،چەند رۆژ پێش لافاو چووە ماڵیان و نەیانتوانی بار باربکەن و بۆ ئەمشەو دوای خست”.
“بەهۆی لافاوەکە و پاککردنەوەی ماڵیان نەخەوتبوون، دوێنێ ئێوارە چووەتە کۆمپانیای داناغاز باری بارکردووە و هەر لەوێ خەوتووە، بەیانی ئەمڕۆ هاتووە لێرە بارەکەی بەتاڵ بکات، تای سەیارەکەی تەقیوە و تووشی ئەم رووداوە بووە”، رێباز عەبدولقادر وای وت.
رزگار حەسەنـیش هاوڕێیەکی دیکەی ئەو شۆفێرەیە و دەڵێ، زۆربەی ڤیدیۆکانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش ئەو تۆماری کردوون و کەسێکیشی لە لافاوەکە رزگار کردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری