16 کەس بوون
مانگی رابردو لە سلێمانی رووداوی هاتوچۆ هۆکاری زۆرترین گیان لەدەستدان بووە
+964
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
مانگی رابردوو بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە 16 کەس لە پزیشکی دادی سلێمانی توێکاریان بۆ کراوە و گیانیان لەدەستداوە و هاتوچۆش زۆرترین هۆکاری مردن بووە لەو مانگەدا لە سلێمانی.
بەپێی ئاماری پزیشکی دادی سلێمانی کە بە 964 دراوە، مانگی رابردوو توێکاری بۆ 51 تەرم کراوە، 39یان لە رەگەزی نێر بوون و 12یان لە رەگەزی مێ بوون.
هەر بەپێی ئامارەکە 16یان بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، شەش گیانلەدەستدان بەهۆی سوتاوی و سێ گیانلەدەستدان بەهۆی کەوتنەخوارەوە و دوو گیانلەدەستدان بەهۆی کارەبا و دووانی دیکە بەهۆی خنکان و دوو گیانلەدەستدانیش بەهۆی بەرکەوتنی کەلوپەلی تیژ و ئەوانی دیکەش بەهۆکاری جیاجیا گیانیان لەدەستداوە.
بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، بەداخەوە رێژەی قوربانییەکان بەرزە و بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانیش پێویستە رێگاوبانەکان باش و فراوان بکرێن و شەقامە یەکسایدەکان بکرێن بە دووساید.
وتیشی، “شەقامەکانی دەرەوەی شارەکان بوون بە رێگای مەرگ، وەک ئەوە وایە لە شەڕە تفەنگدا بیت و هەندێکیان کاتێک بەسەریاندا دەڕۆیت دەبێت ئایەتەلکورسی بخوێنیت تا بە سەلامەتی بگەیتە شوێنی مەبەست”.
بە بڕوای وتەبێژەکەی هاتوچۆی سلێمانی، هۆشیارکردنەوەی شۆفێران رۆڵی خۆی دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی رووداوەکان و بەڵام بە وتەی ئەو “بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان کراون و وەک پێویست ئیشوکارەکان ناکەن”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی