هەور و باران ئاسمان جێناهێڵن

پلەکانی گەرما دادەبەزن و لە هەندێک ناوچەش بەفر دەبارێت

ژێوار خدر

بەرەو کۆتایی پاییز دەڕۆین و ئەم دوو رۆژەش دەتوانن بە دڵی خۆتان ستۆری باران و بەر پەنجەرە دابنێن، کەشەکە بۆ پیاسەی ئێواران و گەڕان بەناو شاردا زۆر گونجاوە، چونکە خۆر خۆی دەشارێتەوە و نمەباران دەبێتە میوانی هەندێک ناوچە.

کەشناسی هەرێم دەڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەکاتەکانی درەنگ ئاسمان بەرەو هەوری تەواو دەگۆڕێت بەتایبەتی پارێزگای دهۆک، لەگەل دەست پێ کردنی نمە بارانی کەم لەناوچە سنووریەکانی رۆژئاوای هەرێم، پلەکانی گەرماش گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نابێ لەگەڵ دوێنێ، جگە لە ناوچە شاخاوییەکان، کە یەک بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

بۆ سبەی سێشەممەش، ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران لەکاتەکانی بەیانی لەناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک  پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی  ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەولێر،  لەگەڵ ئەگەری نمە بارانێکی  کەم  لەسەنتەری شاری هەولێر، بەفریش لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، پاشان بۆ کاتەکانی درەنگانی شەو کەش سەقامگیر دەبێتەوە.

پلەی گەرماش سێ بۆ پێنج پلەی دیکە نزمتر دەبێتەوە و لە کوێستانەکانی سەر سنوور، بۆ سفری سیلیزی دادەبەزێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی؛

هەولێر: 12 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 11 پلەی سیلیزی
دهۆک: 11 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 12 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 13 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 12 پلەی سیلیزی
سۆران: 10 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 12 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 11 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 14 پلەی سیلیزی