دەکرێنە سکراب و نابێت بگەڕێنەوە سەر شەقام

گۆڕستانی ماتۆڕەکانت لە هەولێر بينيوە؟

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

هەزاران ماتۆڕسکیل کە لەلایەن حکومەتەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، ئێستا خەریکە لە گۆڕەپانێکدا پارچەپارچە دەکرێن بۆ ئەوەی وەک ئاسن و فافۆن ساغ بکرێنەوە، مەرجەکە روونە، تەنیا پارچەکانیان دەفرۆشرێن و نابێت جارێکی دیکە وەک ماتۆڕسکیل بگەڕێنەوە سەر شەقام.

سەرکەوت عومەر، ئەو خاوەنکارەیە کە بە نوسراوی فەرمی ماتۆڕە دەستبەسەرداگیراوەکانی لە حکومەت کڕیوەتەوە و بە 964ـی وت، “فرۆشتنەوەی شاسی و مەکینەی ئەو ماتۆڕانە قەدەغەیە، ئەمەش وەک رێگرییەک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەیەنەوە سەر شەقام”.

وتیشی، “ئێمە تەنیا بۆ سکرابی ئاسن و فافۆن ماتۆڕەکانمان کڕیونەتەوە، بۆیە بۆمان هەیە تەنیا پارچەکانی تری بفرۆشینەوە و ئاساییە، بەڵام شانسی و مەکینە نابێت”.

جگە لەوەی حکومەت، سەرکەوت ماتۆڕسکیل لە هاوڵاتیانیش دەکڕێتەوە بۆ هەمان مەبەست، بەڵام مەرجی هەیە و دەڵێت، “خەڵکیش ماتۆڕمان بۆ بهێنێت لێیان دەکڕین، بەڵام دەبێ مەنەفێستی لەگەڵدا بێت”.

سەبارەت بە جموجۆڵی بازاڕەکەشیان، ئەو خاوەنکارە ئاماژەی بەوەکرد، لەبەرئەوەی ئێستا زستانە، خواستی خەڵک بۆ ماتۆڕسکیل کەمترە، بەڵام هاوینان خەڵکی زیاتر روویان تێدەکات و بازاڕیان گەرم دەبێت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لە هەولێر رێوشوێنی نوێ بەرامبەر ماتۆڕسکیل دەگیرێتەبەر...

لە هەولێر رێوشوێنی نوێ بەرامبەر ماتۆڕسکیل دەگیرێتەبەر