60 ملیۆن دینار و 10 هەزار لیتر نەوت کۆکراوەتەوە

20 بارهەڵگر لە خورماتووەوە هاوکاری دەگەیننە چەمچەماڵ

سیروان خورشید – خورماتوو

کۆکردنەوەی هاوکارییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ بەردەوامە و ئەمڕۆ 20 بارهەڵگر لە خورماتووەوە دەگەنە چەمچەماڵ.

چەند رۆژێکە هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان لە خورماتووش هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی لێقەومای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش راگەیەنراوە، هاوکارییەکان کۆکراونەتەوە و ئەمڕۆ لە رێگەی 20 بارهەڵگرەوە دەگوازرێنەوە بۆ قەزای چەمچەماڵ و بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دابەش دەکرێن.

جگە لەو کەلوپەلانە، نزیکەی 60 ملیۆن دینار و زیاتر لە 10 هەزار لیتر نەوتیش بۆ هاوکاری خەڵکی چەمچەماڵ لە دووزخورماتوو کۆکراوەتەوە.

هەفتەی رابردوو بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لافاو لە چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکەی کوردستان دروستبوو و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و بە سەدان خانووش زیانیان بەرکەوت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری