سەیدسادقیش 30 ئۆتۆمبێلی پڕ پێداویستی دەنێرێت

لە عەربەتیش کەمپینێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ چەمچەماڵ رێکخرا


بڕوا مجید – عەربەت

لە عەربەت دەست بە کەمپینێک کراوە بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی چەمچەماڵ وبڕیاریان وایە چەند رۆژێک بەردەوام بێت.

ئاسۆ شێخ محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی پەنای کار و سەرپەرشتیار کەمپینەکە بە 964 ی وت، ماوەی دوو ڕۆژە لە ناحیەی عەربەت دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقاوماوانی لافاوەکەی  چەمچەماڵ، تیایدا پارە و پێداویستی  ناوماڵ و  جلو بەرگ و نەوت وەردەگرن.

وتیشی “خۆشبەختانە  هاوڵاتیانێکی زۆر بەدەم کەمپینەوەکەوە هاتون، سبەینێش بەردەوام دەبین و دووسبەیش سەرجەم پێداویستیەکان دەگەیەنینە قەزای چەمچەماڵ و تەسلیمی هاوڵاتیانی دەکەین”.

هەر لە چوارچێوەی کۆکردنەوەی هاوکاری  بۆ هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوی چەمچەماڵ، دوێنێ لە قەزای سەیدسادق توانرا  بڕی 25 ملیۆن و 383 هەزار دیناری کاش و دوو هەزار و 100 دۆلار لەگەڵ 30 ئۆتۆمبێلی پڕ لە پێداویستی ماڵان کۆکرایەوە و دەنێردرێت بۆ چەمچەماڵ، لەشارەزوریش کەمپینێک دەستیپێکردووە  لە هەرسێ بازاڕی قەزای شارەزوور و ناحیەی زەڕایەن هاوڵاتیان دەتوانن هاوکاریەکانیان بگەیەنە کەمپینەکە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن