"دەنگەکەی وەک تەقینەوەیەکی بەهێز وابوو"
بوتڵی غاز ماڵێکی وێران کرد؛ خاوەن ماڵ بەتەنیا لەماڵەوە بوو و بریندارە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
لە گەڕەکی ئاوبارەی سلێمانی، بوتڵی غاز ماڵێکی وێران کرد و خاوەن ماڵەکەش کە بەتەنیا لە ماڵەوە بووە، برینداربووە و لە نەخۆشخانەیە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 13.12.2025 لە گەڕەکی ئاوبارەی سلێمانی، بوتڵێکی غاز لە ماڵێکدا تەقییەوە و زیانی زۆری بە خانووەکە گەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن ماڵەکە بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.
هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی ئاوبارە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “دەنگی تەقینەوەکە زۆر بەهێز بوو و وامانزانی تەقینەوەی گەورە روویداوە، کە هاتینە ئێرە، بوتڵی غاز تەقیبووە و خاوەن ماڵەکەشی فڕیدابووە دەرەوە و لەناو حەوشەی ماڵەکەی لەژێر مێزێک دەرمانهێنایەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، خاوەن ماڵەکە دەموچاوی سووتاوە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
پێشتر ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ـی وتبوو، کاتژمێر 7:45 خولەکی تیمەکانیان لەو رووداوە ئاگادار کراونەتەوە و بەپەلە چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری