12ـی 12 بۆ هاوسەرگیری
تەنیا لە دوو ئارایشگای هەولێر نزیکەی 100 بووک ئامادەبوون
964+
رێباز خدر ـ هەولێر
12.12 رێکەوتێکی جوانە و دەستگیراندار و هاوسەران ئەو رۆژە دیاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگی هاوسەرگیری، جا بەختی ئەوانیش ئەمساڵ ئەو رۆژە کەوتووەتە هەینییەوە، تەنیا لە دوو ئارایشگا هەولێر نزیکەی 100 بوک هەبوون.
نما محەمەد، کارمەندی ئارایشگای دانێلا، بۆ 964 قسەی کرد و وتی، زۆرێک لە بوکەکان مانگێک بەر لەئێستا سەرەیان گرتووە بۆ ئەوەی لەم رۆژەدا هاوسەرگیری بکەن چونکە رێکەوتەکە جوانە، بەشێکیش لە بوکەکان هەر بەبێ پلان هاوسەرگیرییەکەیان کەوتووەتە ئەم رێکەوتە، تەنیا لە ئارایشگایەی دانێلا ئەمڕۆ سەروو 40 بووک بەرێدەکرێن.
محەمەد سیامەند، زاوایە و بە964ـی وت، بۆیە ئەو رۆژەی هەڵبژرادووە چونکە رێکەوتێکی جوانە و بۆ پیاوانیش سودێکی زۆری هەیە چونکە پیاوان بۆ رێکەوتی رۆژی هاوسەرگیری زۆر باش نین و لەبیری دەکەن، بەڵام ئەگەر رێکەوتەکە جوان بێت لەبیرناکرێت و ئاسانە.
بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردنی رێکەوتی جوان بۆ رۆژی هاوسەرگیری لە لایەن هاوسەران لەهەرێمی کوردستان گرینگی پێی دەدرێت و هاوسەران دەیانەوێت لە رێکەوتێکی جوان هاوسەرگیری بکەن تاوەکو ببێت بە یادگارییەکی جوان لەبیر نەکراو بۆیان و ساڵانە یادی بکەنەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا