محەمەد گەرمیانی لەوێ بوو

گەڕانێك بەنێو فۆڕمی مەقامە ناوچەییەكانی گەرمیان لە زانکۆی سلێمانی

ئەحمەد مستەفا

لە هۆڵی ئیسماعیل بێشكچی لە زانكۆی سلێمانی، كۆڕێك بەناوی ”گەڕانێك بەنێو فۆڕمی مەقامە ناوچەییەكانی گەرمیان” بۆ مەقامبێژ و ژەنیار، محەمەد گەرمیانی لەلایەن كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت-بەشی پەروەردەی هونەری زانكۆی سلێمانی سازكرا.

‎ لە كۆڕەكەدا كە ژمارەیەكی زۆر لە میوزیكژەن و ‎مامۆستایان و خوێندكارانی كۆلێژی هونەر ئامادەبوون، محەمەد گەرمیانی بە شێوازێكی ورد و زانستییانە و بە نۆتە باسی لە فۆڕمەكانی مەقاماتی ”قەتار و ئەڵاوەیسی و خورشیدی و ئای ئای و خاوكەر و موجیلا” كرد.

وە بەچەندین بەڵگە و‎ دەستنوسی كۆن، سەرەتاكانی دروستبوونی ئەم شێوازانەی مەقاماتی لە وڵاتانی میزۆپۆتامیا و بەتایبەتی كوردستان، بۆ ئامادەبووان خستەڕوو ، لەگەڵ نمایشكردنی هەندێك تۆماری دەنگیی دەنگبێژانی كورد و ئاوازی یارسانییەك وەك بنەچەیەكی مەقاماتی كوردی.

‎هەر لە كۆڕەكەدا ، مەقامبێژ ”محەمەد گەرمیانی” لەڕێی ژەنینی ئامێری نەی و بە دەنگی خۆی كورتەیەكی لەسەر هەریەك لە شێوازە جیاوازەكانی مەقام پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.

وێنەکان؛ ڤینۆس تۆفیق