"بارانەکە بەخوڕە و مەترسی لافاو هەیە"

هاتوچۆی سلێمانی بۆ هاوڵاتیان: زۆر زەروور نین مەچنە دەرەوەی شار

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

هەرچەندە بازگەی تاسڵوجە لە سلێمانی بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە بەڵام هاتوچۆی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات، ئەگەر زەروور نین نەچنە دەرەوەی شار و ئەو رێگایە بەکار نەهێنن.

کەمێک لەمەوبەر بازگەی تاسڵوجە بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و مەترسی لافاو بۆ چەند کاتژمێرێک داخرابوو، بەڵام عەقید کاروان محەمەد بەڕێوەبەری کارگێڕی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ـی وت، “بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و شۆفێران بازگەکەمان داخستبوو، ئێستاش کە کراوەتەوە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین، تا ئەو کاتەی زەروور و پێویست نین، رێگاکانی دەرەوەی شار بەکارنەهێنن”.

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارینی باش رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و ئەمڕۆش لە چەمچەماڵ و چەند شوێنێکی دیکە لافاو دروستبوو و لە قەزای چەمچەماڵ جگە لەوەی زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری