لە تاسلوجە ئاوێكی زۆر پەنگی خواردووەتەوە
“هەندێک لە شۆفێران گاڵتە بە كارمەندانی شارەوانی دەكەن”
دیلان محەمەدجەزا
كارمەندانی شارەوانیی تاسلوجە خەریكی كردنەوەی مەنهۆڵەكانن و بەو باران و وەزعە كاردەكەن، یەكێك لە كارمەندەكان دەڵێت، هەندێك لە شۆفێران گاڵتەیان پێدەكەن، لە كاتێكدا ئەوان خەریكن چارەسەری ئاوی سەر شەقام و جادەكان دەكەن.
پەیامنێری 964 ئەم ئێوارەیەی سێشەممە لای كارمەندانی شارەوانیی تاسلوجە بوو، كە سەرۆكی شارەوانییەكە خۆی لەگەڵ كارمەندەكان لەسەر شەقامی سەرەكی بۆ سلێمانی، كاری دەكرد و خەریكی كردنەوەی مەنهۆڵەكان بوون، چونكە ئاوێكی زۆر لە رێگاكە پەنگی خواردووەتەوەز
هاوكار زاهیر، سەرۆكی شارەوانیی تاسلوجە بە 964ی وت، بەردەوامن لە كاركردن و ناوەستن، “سوپاس بۆ خوا تا ئێستا بارانەكە رەحمەتە و هیچ شتێكی ناخۆش لە سنوورەكەمان رووینەداوە”.
كارمەندێكی شارەوانییەكەش وتی، لە دوێنێوە نەخەوتووم، كاردەكەین، زۆرینەی شۆفێرانیش هاوكارن، بەڵام شۆفێر هەیە گاڵتەمان پێدەكەن و لەسەر ئەو جادەیە دەڵێن ئێوە خەریكی چین و چی دەكەن لێرە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا