10 دار بڕاونەتەوە

لەسەر رێگەدان بە بڕینەوەی دار، سکاڵا لەسەر بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان تۆمارکراوە

964+

ژووری هەواڵ

لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەی چاککردنی شەقام و شۆستەی ناو بازاڕی سیروان، لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەوە، زیاتر لە دە بن دار بڕاونەتەوە، ژینگەی هەڵەبجەی سۆراغی کردووە و “کارەکە بە رەزامەندی بەڕێوەبەری ناحیە کراوە”.

ئەمەش، وای لە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە کردووە کە سکاڵای یاسایی لەسەر بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 8.12.2025، کۆسار مەحمود، لە راگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە لەو بارەیەوە بە 964ی وت، “بڕینەوەی دارەکان لە مانگی رابردوودا بووە، ئەو رۆژەی کە لیژنەکەمان چوونەتە شوێنەکە، بەڕێوەبەری ناحیەی سیروانیش لەوێ بووە، خۆی کۆمپانیاکەی ئاڕاستە کردووە کە ئەو دارانە ببڕنەوە، هەر بۆیە ئێمەش سکاڵامان لە بەڕێوەبەری ناحیەکە تۆمارکردووە و لە ئێستادا کەیسەکە لە دادگایە”.

بە قسەی کۆسار مەحمود، خۆیان کۆمپانیاکەیان ئاگادارکردبوویەوە کە بە جۆرێک پرۆژەکە جێبەجێبکەن، خۆیان بگونجێنن و پێویست نەکات ئەو هەموو دارە ببڕنەوە، خۆشمان رێگەمان بە بڕینەوە چەن دارێکی کەم دابوو، بەڵام ئەوان رێنماییەکانی ئێمەیان جێبەجێنەکردووە، تەنانەت دوکاندارانی ئەو ناوچەیەش ناڕازین لە بڕینەوەی ئەو دارانە و ئێمەش سکاڵاکەمان گەیاندووەتە دادگا.

پرۆژەی چاککردنی شۆستە و شەقامی ناو بازاڕی ناحیەی سیروان پرۆژەی سەرۆکایەتی شارەوانی سیروانە، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە، و بە چاودێری خودی بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان جێبەجێدەکرێت، کە نۆژەنکردنەوە و رێکخستنەوەی لەخۆ دەگرێ.

لەسەر ئەو سکاڵایە، پەیامنێری 964 لە هەڵەبجە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان، هێمن حەمەحسێن کرد تا قسەی ئەوان لەبارەی سکاڵاکە وەربگرێ، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم بەرهەم وەڵامی نەدایەوە.