سێیەم گۆڕستان
گۆڕستانێکى دیکە گۆڕەکانى شێوێندران
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
دواى ئەوەى لەچەند رۆژى رابردوو لەلایەن کەسانى نەناسراو نزیکەى 15 گۆڕى کریستانەکان لە گوندى هەرمۆتەى قەزاى کۆیە شێوێندران، لە گۆڕستانى شێخ ئەحمەدیش لە شارى هەولێر، بەهەمان شێوە 15 گۆڕ شێوێندران و کێلەکانیان شکێندرا، دواى ئەوانەش ئاشکرابوو کە 11 گۆڕى دیکە لە گۆڕستانى سەید مەعروف شێوێندراون.
گوڕستانى شێخ مەعروف دەکەوێتە گەڕەکى بەلاشاواى شارى هەولێر، لەلایەن کەسانى نەناسراوەوە 11 گۆڕى گۆڕستانەکە شێوێندراون.
بەپێى بەدواداچوونەکانى 964، ئەو گۆڕانەى شێوێندراون بریتین لە گۆڕى سەید مەعروف و کەسوکارەکانى.
فەرەیدون حاجى، هاوڵاتییەکى شارى هەولێرە و گۆڕى دوو مامى لە گۆڕستانەکەیە و زوو زوو سەردانیان دەکات، وەک ئەوەى بۆ 964 قسەى کردووە، شێواندنى ئەو گۆڕانە لە پێش شێواندنى گۆڕەکانى کریستانەکانى کۆیە و گۆڕستانى شێخ ئەحمەد بووە.
رۆژى 4.12.2025 لەلایەن کەسانی نەناسراو نزیکەی 15 گۆڕی کریستیانەکان لە گوندی هەرمۆتەی قەزای کۆیە شێوێنران.
ئەمڕۆش ئاشکرابوو کە لە هەریەک لە گۆڕستانى شێخ ئەحمەد و گۆڕستانى سەید مەعروف ژمارەیەک گۆڕ شێوێندراون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح