خۆتان بۆ بارانی بەلێزمە حازر بکەن و کەشەکەش تەواو ساردی دەکات
دوو رۆژی باراناویی
خۆتان بۆ بارانی بەلێزمە حازر بکەن؛ کەشەکەش تەواو ساردی دەکات
964+
شۆڕش قادری
بارانبارینەکە دەستیپێکرد و سبەی لە هەندێک شوێن بارانی بەخوڕ و بەلێزمە دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و کەشەکە تەواو سارد دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە 7.12.2025 کەشەکە بەگشتی هەور و بارانبارین دەبێت و زیادبوونی خێرای با و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماشی لەگەڵ دەبێت.
لە بەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و سەرەتاش لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە و دوای نیوەڕۆ درێژ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، ئاستی دابارین بەشێوەی بارانی پچڕ پچڕ و مامناوەند دەبێت .
بەڵام بۆ سبەی دووشەممە، شێوازی بارانبارین لە پچڕ پچڕەوە دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەندی بەردەوام و لە هەندێک کات و ناوچە لێزمە باران دەبێت، خێرایی با زیاد دەبێت و پلەی گەرماش چوار بۆ هەشت پلەی دیکە نزم دەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان بەتەواوەتی سارد دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ئەمڕۆ؛
هەولێر: 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی
دهۆک: 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 18 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 21 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 18 پلەی سیلیزی
سۆران: 15 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 19 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 21 پلەی سیلیزی