هەولێر
شەقامی 60 مەتری خنكاوە و هاتوچۆش چارەسەری پێ نییە
+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
شەقامی 60 مەتریی هەولێر ماوەیەكە زۆر جەنجاڵە و هاتوچۆی تێدا زۆر سەخت بووە، بۆ هەر كوێیەك بچیت و بەو شەقامەدا بڕۆی، ئیتر ناگەیت و دوادەكەوی، هاتوچۆی هەولێریش دەڵێت، لە چەند كاتێكی رۆژدا ئۆتۆماتیكی شەقامەكە قەرەباڵغ دەبێت و هەروایە.
پەیامنێری 964 لە هەولێر، لە شەقامی 60 مەتری و لە نێوان مزگەوتی جەلیل خەیات بۆ مزگەوتی سپی، دیمەنەكان پێشاندەدات، كە ئەم ئێوارەیە چ هەڵڵا و قەرەباڵغییەكە، ئۆتۆمبێل زۆر بە زەحمەت و بە هێواشییەكی تەواو دەڕۆن، چونكە زۆر جەنجاڵە.
وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر عەقید هێمن حەمەدئەمین بە 964ی راگەیاند، شەقامی 60 مەتری لە چەند كاتێكی رۆژدا ئۆتۆماتیكی جەنجاڵ دەبێت و هاتوچۆ تاڕادەیەك پەكی دەكەوێ، بە تایبەتی كاتی چوون و گەڕانەوەی فەرمانبەران بۆ دەوام و هەروەها گەڕانەوەی كاسبكاران لە كار.
دەشڵێت “شەقامەكە سەرەكییە و زۆر شەقامی گەڕەكەكانی بەسەرەوەیە و ئەوەی بچێتە بازاڕ و سەنتەری شاریش هەر بەوێدا تێدەپەڕێ، ئیتر بۆیە هەروا دەبێت، هەرچەندە ئێمە لە هەر شوێنێك قەرەباڵغی هەبێت پۆلیسی هاتوچۆمان لەوێ داناوە
964 تێبینیی كردووە زۆربەی كاتەكانی رۆژ و تەنانەت ئێوارانی درەنگیش 60 مەتری هەر قەرەباڵغە و هاتوچۆ تێیدا دەخنكێت، ئەمەش زەحمەتییەكی زۆری بۆ هاوڵاتیان دروست كردووە لەوەی لە كاتی خۆیدا بگەنە شوێنی مەبەست.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا