لە ماوەی دوو مانگدا

لە سلێمانی 148 تۆن خۆراکی ماوە بەسەرچوو لەنێوبراوە

964+

فەهمی نەبی

بەگوێرەی ئاماری قایمقامیەتی سلێمانی، لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ، دەستگیراوە بەسەر 148 تۆن و 195 کیلۆ خۆراکی ماوە بەسەرچوو، کە بەهۆیەوە 111 شوێن داخراون.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە ماوەی دوو مانگدا لە رێگای 44 لیژنەوە توانراوە 14 هەزار و 780 سەردان ئەنجامبدرێت، هەزار و 763 سەرپێچیش تۆمارکراون.

رێکان ئەوەش دەڵێت، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا، لەو 111 شوێنە، توانراوە بڕی 154 ملیۆن و 625 هەزار دینار سزای دوکان و شوێنەکان بدرێت و پارەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ داهاتی گشتی.

مانگانە قایمقامیەتی سلێمانی لە رێگەی 44 لیژنەوە، سەردانی دوکان و شوێنە بازرگانیەکان دەکات و ئامارەکان بڵاودەکاتەوە.