وەزارەتی ناوخۆ لە بارەی هێرشەکەی کۆرمۆر

مافی خۆمانە رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر

964+

ژووری هەواڵ

کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، لە ناوەڕۆکەکەیدا لۆمەی حکومەتی فیدراڵ دەکات کە زیاتر لە دوو مانگە دەزانێت کام لایەن هێرشەکانی پێشووی سەر هەرێمی ئەنجامداوە، بەڵام هەڵوێستیان نەبووە.

پوختەی راگەیەندراوەکە:

– لە هێرشەکانی حوزەیران و تەمموزی رابردوو هەرێم دووچاری هێرشی درۆنی بوو زیانی زۆری پێگەیشت.
– سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی دەرکرد.
– پشکنینی تەکنیکی بۆ شوێنە پەلاماردراوەرکان کراو بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم هێرشانەدا بەکارهێنراون، دەرکەوت کە ڕێڕەوی هەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە.
– دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی هەرێم دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو کە ئاشکرا دەبێ سەر بە کام رێکخستنن.
– راپۆرتی کۆتایی رادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە هێرشەکان.
– سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، حکومەتی فیدراڵی هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتەبەر.
– حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر.
– هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی بێهەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا هانی ئەو رێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان.
– هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو
– بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.

"هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم هەڕەشەیە بۆسەر سامانە نیشتمانییەکان"