"پیازم بکڕیایە باشتربوو"

بەشێک لە خاوەن شوقەکانی ئالان تاوەر 14 ساڵە چاوەڕێن

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

نزیکەی 14 ساڵە  بەشێک لە خاوەن شوقەکانی ئالان تاوەر لە هەولێر دەستەوئەژنۆ دانیشتوون و چاوەڕێی وەرگرتنی شوقەکانیانن، بەڵام هێشتا تەواو نەبوون و خاوەن پڕۆژەکەش دەڵێ، لەگەڵ شەریکەکانی کێشەی هەیە و تەواوکردنی پڕۆژەکەش 12 ملیۆن دۆلاری دیکەی پێویستە.

شەماڵ تاهیر، یەکێک لە خاوەن شوقەکان بە 964ـی وت، “کاتێک شوقەکەم کڕی، قژم رەش بوو، ئێستا هەمووی سەرم سپی بووە و 13 ساڵ لەمەوبەر دوایین قیستم دا”.

“19 دەفتەر دۆلارم داوە بەو شوقەیە، پیازم پێ بكڕیایە، باشتر بوو”، شەماڵ تاهیر وای وت.

سەردار ئاکرەیی خاوەنی پڕۆژەکەش قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی 964ی وت، “لە ساڵی 2009ـەوە دەستمان بەم پڕۆژەیە کردووە و لە 2013ـەوە بەهۆی کورتهێنان و کێشە لەگەڵ شەریکەکانم پڕۆژەکە راگیراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەواو کردنی پڕۆژەکە 12 ملیۆن دۆلاری دیکەی پێویستە و لەهەوڵیشدایە، کێشەکە چارەسەر بکات و کارەکانی پڕۆژەکە دەستپێبکاتەوە.

پڕۆژەی ئالان تاوەر دەکەوێتە سەر شەقامی 120 مەتری هەولێر و لە 150 خانوو و نۆ تاوەری نیشتەجێبوون پێکدێت کە تەنیا سێ تاوەری بەنیوە ناچڵی، رادەستی خاوەنەکانیان کراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری