لە کەرکوک

قۆناغی دووەمی تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان دەستیپێکرد

964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
26ـى تشرینی دووەمی 2025 – بەسەرپەرشتی فەلاح یایچی، قایمقامی کەرکوک، قۆناغی دووەمی پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکانی شارەکە دەستیپێکرد، لیژنەی تایبەت بەم مەبەستە، ئەمڕۆ سەردانی گەڕەکی عەرەسەی کرد و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا سەرجەم گەڕەکە زیادەڕۆکان بگرێتەوە.

جومعە ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی بڕیاری 320ـی ئەنجومەنی وەزیران، بە 964ـی راگەیاند کە لە قۆناغی یەکەمدا، هاوڵاتیان لە رێگەی کەرتەکانی شارەوانییەوە مامەڵەی تاپۆکردنی خانوەکانیان پێشکەش کرد و هەر ماڵێک کۆدێکی پێدرا، ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی سەردانی مەیدانییە بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی و دروستی مامەڵەکان و پێداچوونەوە بە پانتایی خانوەکە و ژمارەی ئەو خێزانانەی تێیدا نیشتەجێن.

ئەحمەد جەختی لەوەش کردەوە، هەر هاوڵاتییەک کە لە قۆناغی یەکەمدا نەیتوانیوە مامەڵە پێشکەش بکات، دەتوانێت ئێستا سەردانی کەرتەکانی شارەوانی بکات و مامەڵەی خۆی پێشکەش بکات.
تورکیش عیزەدین، نوێنەری شارەوانی و سەرۆکی لیژنەی مادەی 320، بە 964ـی راگەیاند کە تا ئێستا 93 هەزار کەس مامەڵەیان پێشکەش کردووە بۆ تاپۆکردنی خانوەکانیان.

بڕیارەکە لە ئێستادا تەنیا ئەو خانوانە دەگرێتەوە کە لەسەر زەوی شارەوانی و موڵکی دەوڵەت دروستکراون، دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە، مامەڵەکان رەوانەی لیژنەیەکی تایبەت دەکرێن لە بەغدا کە نوێنەری نۆ وەزارەتی تێدایە.

عیزەدین ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کەسانەی کە خانویان لەسەر زەوی ئەو دوو وەزارەتە دروستکردووە، لیژنەیەک هەڵسەنگاندن دەکات بۆ نرخی زەوییەکە لەو سنوورانە، پاشان خاوەن خانوەکە ئاگادار دەکرێتەوە کە دەتوانێت بە قەرزی 20 ساڵ قۆناغ بە قۆناغ پارەی زەوییەکە بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە، هەر کەسێک ئامادە نەبێت، خانوەکەی تاپۆ ناکرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

خشتەی کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکانی کەرکوک گۆڕانکار...

خشتەی کارپێکردنی موەلیدە ئەهلییەکانی کەرکوک گۆڕانکاری بەسەرداهات