رۆژانە نزیکەی 600 پاشلەرزە لە تورکیا و سوریا روویانداوە

964+
فەهمی نەبی

سەنتەری نیشتیمانی بوومەلەرزەزانی سوریا رایگەیاندووە، لە ماوەی سێ هەفتەدا 3867 پاشلەرزە لە سوریای داوە، ئەمە لەکاتێکدایە لە تورکیا سەرووی 11 هەزار پاشلەرزە تۆمارکراوە.

رۆژی هەینی 3.3.2023 سەنتەری نیشتیمانی بوومەلەرزەزانی سوریا، لە راگەیاندراوێک ژمارەی پاشلەرزەکانی سوریای بڵاوکردوەتەوە.

لە راگەیاندراوەکە هاتووە، لەماوەی سێ هەفتەدا 3867 پاشلەرزە روویانداوە، لەو ژمارەیە 1943 پاشلەرزەیان پلەکەی لەنێوان دوو بۆ سێ پلە بووە، 1502 پاشلەرزەیان بە گوڕی سێ بۆ چوار پلە بووە، 378 پاشلەرزەش چوار بۆ پێنج پلە تۆمارکراوە، 33 پاشلەرزەیان بە پلەی پێنج بۆ شەش بووە، چوار پاشلەرزەش لە سەرووی شەش پلەی رێختەر تۆمارکراوە.

سەنتەرەکە ئەوەشی بڵاوکردوەتەوە، لە ماوەی 36 رۆژی سەرەتای ساڵەوە تا ئەو رۆژی 6ی شوبات ئەو شەوەی بوومەلەرزە بەهێزەکە روویدا، تەنیا 34 بوومەلەرزە لەسوریا تۆمارکرابوو.

رۆژی 6ی شوبات بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریای گرتەوە، لەو رۆژەوە پاشلەرزەی دوای بوومەلەرزە هەموو رۆژێک لە هەردوو وڵاتانی تورکیا و سوریا تۆماردەکرێن، بەو هۆیەوە لە هەردوو وڵات سەرووی پەنجا هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە بەتەنیا لە سوریا پێنج هەزار و 951 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە تورکیاش ژمارەی ئەوانەی بەرکەوتەی بوومەلەرزەکە بوون، 44 هەزار و 347 کەس گیانیان لە دەستداوە.