لەگەڵ گروپێکى چەکدارى کارى کردووە
بەڕێوەبەرى پێشوى کشتوکاڵى بەغدا سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێندرا
وریا فەتاح
ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای تاوانەکان لە عێراق، سزای لەسێدارەدانی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغداددا سەپاند.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند: “تاوانبارەکە لەگەڵ گرووپێکی چەکداردا هەڵیکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی بەغداد و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا تێکهەڵچووە”.
وەک ئەوەى باسکراوە، بەڕێوەبەرى پێشووى کشتوکاڵى بەغدا دواى ئەوەى بڕیارى دورخستنەوەى لە پۆستەکەى دراوە و کەسێکى دیکە لە جێگەى دانراوە، لەگەڵ گروپێکى چەکدارى هەڵیکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکە.
وەک باسکراوە، لە کاتى هێرشەکە، کارمەندێکى دەوڵەت و هاوڵاتییەک کوژراون و چەند کەسێکى دیکەش بریندار بوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە “سزاکە بەپێی ماددەی چوارەم/1 و بەپێی ماددەی دووەم/1/3/5 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13ی ساڵی 2005 دەرچووە.”