هەیفا وەهبی: روخساری منتان گۆڕیوە بۆ روخسارە ناشرینەکەی خۆتان
پەرستۆ ساڵح – لایف ستایڵ
خانمە هونەرمەندی لوبنانی هەیفا وەهبی، بە پەیامێکی توند وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کە کردیانە بابەتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیاکان.
هەیفا وەهبی 50 ساڵ لە ڕێگای هەژمارەکەیەوە لە ئینستاگرام شەوی ڕابردوو لە پەیامێکدا وتی “چی لە تواناتاندایە ئەنجامی بدەن، لەم ڕەفتارە ناشرینتر دەبێت چی بێت؟ ئێوە شێوە و ڕوخساری منتان گۆڕیوە بۆ شێوە و ڕوخساری خۆتان، ئەمە دوا سنوری ڕقە و ئێوە هاوشێوەی شەیتانن، جارێکی تر زیرەکانە یاری بکەن”.
” ئێوە هاوشێوەی شەیتانن، جارێکی تر زیرەکانە یاری بکەن”
لە هەفتەی ڕابردوودا هێرشێکی توندی ڕەخنە ئامێز ڕووبەرووی هەیفا وەهبی بوویەوە لە تەواوی سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنەکان، پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و وێنەکانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، چونکە رووخسارە سەرنجڕاکێشە سحریەکەی بە پێچەوانەوە دەرکەوتبوو، لە کاتێکدا ناوی لەناو ١٠٠ خانمە کاریگەرەکەی جیهاندایە لەرووی جوانیەوە.
هاوکات لە لێدوانێکی تەلەفیزیۆنیدا هەیفا وەهبی باسی لەوە کرد کە ئەوەی ڕوویداوە شایەنی وەڵام نییە و دەکرێت و بەسەر هەموو کەسێکدا بێت، باشترین وەڵامیش دەرکەوتنمە لە بەرامبەر جەماوەرەکەم لەسەر شانۆ، ئەمە هەڵمەتێکی ئامانج بۆ داڕێژراوبوو.
“باشترین وەڵامیش دەرکەوتنمە لە بەرامبەر جەماوەرەکەم لەسەر شانۆ”
لەلایەکی دیکەوە کەسانێک بۆ پشتیوانی لە هەیفا وەهبی جەخت دەکەنەوە کە ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە، لە گۆشەیەکی خراپەوە تۆمارکراوە ودەستکاری کراوە تا ڕووخسارە جوانەکەی لەناو جەماوەرەکەی بشێوێنن.