لە پیرەمەگروون و تەکیە 10 راوچی قۆڵبەست کران – وێنە؛ پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
کەلوپەلەکانیشیان لێ سەنرا
لە پیرەمەگروون و تەکیە 10 راوچی قۆڵبەست کران
964+
شۆڕش قادری
لە پیرەمەگروون و تەکیە 10 راوچی قۆڵبەست کران و دوو سەگی راوکردن و سەرجەم کەلوپەلەکانیشیان دەستیان بەسەرداگیرا.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پیرەمەگروون ، دەرچوونێکیان بۆ سنووری چیای پیرەمەگروون ئەنجامداوە و دوای گەڕان و کێوماڵکردنی سنوورەکە، چەند کەسێکیان بەدیکردووە کە سەرقاڵی راوکردنی ئاژەڵی کێوین، بۆیە دەستبەجێ خۆیان گەیاندووەتە راوچییەکان و هەموویان دەستگیر کردوون کە پێنج کەس بوون.
لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، دوو سەگی تایبەت بەڕاو و لایتێک و چەقۆیەک و خاکەنازێک و پاچێکـیش دەستیان بەسەرداگیراوە.
بەقسەی هێمن کەمەرخان، هەر ئەمڕۆ سێشەممە 18.11.2025 مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی تەکیە لە سنوری گوندی کانی سارد پێنج راوچی دیکەیان دەستگیر کردووە و ئۆتۆمبێڵێک و ماتۆڕسکیل و دوو تۆڕیشیان لێ سەنراوە.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەردوو رووداوەکە کراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی رادەستی دادوەر کراون.