له سنوورى نێوان هه‌رێم و ئێران بێ سۆراغ بوون
دواى نزیكه‌ى 15 كاتژمێر سێ هاوڵاتییه ونبووه‌كه‌ى برادۆست ده‌ركه‌وتنه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئه‌و سێ هاوڵاتییه‌ى له شه‌وى رابردووه‌وه له ناوچه‌یه‌كی سنوورى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران ونبوبوون، به‌م ئێواره‌یه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌ركه‌وتنه‌وه و به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رگرى شارستانى سۆرانیش ده‌ڵێت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ى لێی ونبووبوون گونجاو نه‌بوو بۆ هێزه ئه‌منییه‌كان بۆئه‌وه‌ى به‌دوایاندا بگه‌ڕێن.
سێ هاوڵاتییه‌كه دانیشتووی قەزای سیدەکانن، تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵانن، خاوه‌ن ئاژه‌ڵن و به‌مه‌به‌ستى كڕین و فرۆشتنى ئاژه‌ڵ روویان له‌و ناوچه سنوورییه كردبوو.
كاروان میراوده‌لى، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌رگرى شارستانى سۆران به 964ـى وت، هۆكارى ونبوونى ئه‌م سێ هاوڵاتییه سه‌رما و به‌فرى ئه‌م ناوچه سنوورییه بووه و به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌م ناوچه‌یه تۆڕه‌كانى په‌یوه‌ندیكردنیش نامێنێت، نه‌یانتوانیوه په‌یوه‌ندی به كه‌سوكاریانه‌وه بكه‌ن.
ئه‌و شوێنه‌ى لێى ونبوبوون سنوورى كوێستانى کێڵەشینه له قه‌زاى سیده‌كان و ده‌كه‌وێته سه‌ر سنوورى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامی ئێران.
وتیشی “به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناوچه‌كه بۆشایی ئه‌منى هه‌یه و گونجاو نییه هێزه ئه‌منییه‌كانى هه‌رێم یاخود تیمه‌كانى به‌رگرى شارستانى بچنه شوێنه‌كه و به‌دوایاندا بگه‌ڕێن، بۆیه نه‌تواندرا زووتر بدۆزرێنه‌وه”.
وه‌ك ئه‌وه‌ى بۆ میراوده‌لیان باسكردووه، شه‌وى رابردوو هه‌ر سێ هاوڵاتییه‌كه به‌هۆى سه‌رماوه له ئه‌شكه‌وتێكى ئه‌م ناوچه‌یه ماونه‌ته‌وه و نه‌شیانتوانیوه هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك به كه‌سوكاریانه‌وه بكه‌ن.
ده‌شڵێت، به‌م ئێواره‌یه هه‌واڵیان پێداون كه هه‌رسێ هاوڵاتییه‌كه دواى نزیكه‌ى 15 كاتژمێر له ونبوونیان خۆیان ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه و هه‌رسێكیشیان سه‌لامه‌تن.