پەرلەمانتارە دژەکان هێشتا موچە وەردەگرن
هەژماری بانکییان داناخرێت
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
ئەو ئەندامانەی پەرلەمان کە چیتر دەوام ناکەن، بە نەهاتوو دانانرێن و هێشتا موچەکانیان دەچێتە سەر هەژمارەکانیان، بەگوێرەی سۆراغێکی میدیازان.
دوێنێ یەکشەممە، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەرچوو، دوای ئەوەی چوار ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونیدا تێپەڕی.
بەڵام لە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار، بۆ ماوەی ٤٢٠ رۆژ و تاوەکو ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ تەمەنی خولی پێنجەم درێژکرایەوە.
هەریەک لە فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە دژی درێژکردنەوەکە بوون و وتیان کە چیتر دەوام ناکەن.
لە بڕگەی حەوتەمی ماددەی ٢٣ی پەیڕەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان هاتووە، “كاتێک فراكسـيۆن، يـان ئەنـدام لەبەر هەڵوێستێک بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەکەن، ئەوا بە ئامادەنەبوو هەژمار ناکرێن”.
لەکاتێکدا بە نەهاتوو هەژمار نەکرێن، ئەوا هیچ گۆڕانکارییەک لە پلە و پۆست و موچەکانیاندا روونادات، مەگەر لە حاڵەتێکدا بە فەرمی دەست لە کار بکێشنەوە.
تاوەکو ئێستا لەناو ئەو پەرلەمانتارانەی دژن، تەنیا چوار ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەگەڵ شایان عەسکەری لە فراکسیۆنی گۆڕان بە فەرمی دەستیان لە کاری پەرلەمانی کێشاوەتەوە.
جەلال محەمەد، پەرلەمانتاری کوردستان لە لیژنەی یاسایی بۆ میدیازانی روونکردنەوە، کە سەرجەم ئیمتیازەکانی پەرلەمانتاران هەژمار دەکرێت تاوەکو بە فەرمی نامەی دەست لە کار کێشانەوە پێشکەش دەکەن بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و قبوڵ دەکرێت بە زۆرینەی دەنگ.
ئەو وتی، ئەم بابەتە لەم کاتەدا دیوێکی سیاسی هەیە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیمتیازەکانی ئەو پەرلەمانتارانەی دژی درێژکردنەوەکەن، لە دەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان و خودی پەرلەمانتارەکاندایە.
درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، راستەوخۆ بووە هۆی درێژکردنەوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش تاوەکو رۆژی ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە کاری خۆیان بەردەوام دەبن.
لە ١٩٩٢ تاوەکو ئێستا، پێنج خولی پەرلەمان هەبووە لە هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی هیچ کاتێک هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا نەکراوە، هەموو جارەکان تەمەنی پەرلەمان درێژکراوەتەوە.