دراوی عێراقی لە جۆری 25 هەزار دیناری - وێنە: 964
نرخەكەی بەرامبەر دۆلار
بانكی ناوەندی عێراق لە بارەی نرخی دینارەوە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بانکی ناوەندی عێراق ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن نرخی دیناری عێراقی بۆ چوار هەزار دینار بۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی کەمدەکرێتەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەیەک گوایە بانکەكە ئەنجامی داوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە ئەمشەو سێشەممە 11.11.2025 بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە، “هەندێک ماڵپەڕی هەواڵ و لاپەڕەكانی سۆشیال میدیا راپۆرتیان بڵاوکردووەتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی بانکی ناوەندی عێراق ئەگەری دابەزاندنی نرخی دینار بۆ چوار هەزار دینار بەرامبەر هەر دۆلارێك هەیە”.
بەپێی راگەیاندراوەكە، بانکی ناوەندی دووپاتیکردووەتەوە کە “راپۆرتەکە راست نییە، بانکەکەش بەردەوامە لە پێداگیری لە نرخی ئێستای دینار و پێوەرە دراوییەکانی ئێستاش پشتگیری لەم هەڵوێستەیان دەکەن”.