كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق

راستەوخۆ دەست بە ژماردن و فەرزی دەنگەكان دەكەین

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دووپاتی کردەوە کە دوای داخستنی دەنگدانەکان دەست بە پرۆسەی ژماردن و فەرزكردنی دەنگەكان دەكەن.

حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی كۆمسیۆن، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی  راگەیاندووە، “کۆمسیۆن دوای داخستنی دەنگدانەکان دەست بە پرۆسەی ژماردن و فەرزكردنی (دەستی) دەنگەكان دەكات.

وتیشی، “کۆمسیۆن هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی و کارگێڕی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا دەستنیشان نەکردووە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “لەکاتی تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان و داخستنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان، ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەکان بۆ نوێنەرانی حزبەکان دەدرێت، چاودێرانی حزب و لایەنەكان دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن لە ئەگەری هەر سەرپێچییەکدا”.

كەمێك پێش ئێستا پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات، كە لە حەوتی بەیانییەوە دەستیپێكردبوو.