لە رۆژی دەنگداندا

لە بەغدای پایتەخت منداڵێکی تەمەن شەش ساڵی بۆ پارە رفاند؛ دەستگیر کرا

شۆڕش قادری

لە رۆژی دەنگدان و لە ناوەڕاستی بەغدا تۆمەتبارێک دەستگیر کرا کە منداڵێکی تەمەن شەش ساڵی لە پێناو وەرگرتنی پارە رفاندووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کە ئەمڕۆ سێشەممە 11.11.2025 و لەکاتێکدا هێزەکانیان سەرقاڵی پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەڵبژاردن بوون، تۆمەتبارێکیان لەگەڕەکی دەسیم لە رۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت دەستگیر کردووە کە منداڵێکی تەمەن شەش ساڵی رفاندووە.

تۆمەتبار ئەو منداڵەی بە بارمتە گرتووە و بۆ ئازادکردنی داوای پارەی لە کەسوکاری کردووە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی بەغدا توانیویانە ماڵەکەی بدۆزنەوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیر کردنی رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە، بەڵام بێسوود بووە و قۆڵبەست کراوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق راشیگەیاندووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی ناوە بەوەیدا کە منداڵەکەی کوشتووە و لەناو حەوشەی ماڵەکەی ژێر گڵی کردووە.