"ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراوین"

964 کارمەندی بەرگری شارستانی لە بنکەیەکی دەنگدانی هەولێر دەنگ دەدەن

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

964 لۆگۆی خۆمانە و هەر بەو ژمارەیە و 964 کارمەندی بەرگری شارستانی لە بنکەیەکی دەنگدانی هەولێر دەنگ دەدەن.

ئەو 964 کارمەندە لە قوتابخانەی کچانی شۆڕش دەنگ دەدەن و سەركەوت كاڕەش وتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم بە 964ـی وت، کارمەندەکانیان بە نۆرە و لەکاتی جیاوازدا روو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن بۆ ئەوەی شوێنەکانیان بەتاڵ نەبێ و تیمی ئامادەمان هەبێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتۆمبێل و پاس بۆ گواستنەوەی کارمەندەکانیان ئامادە کراوە و لەکاتی خۆیاندا دەگوازرێنەوە بۆ بنکەکانی دەنگدان.

لە کاتژمێر 7ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە 9.11.2025 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکردووە و تا کاتژمێر 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری