بەتۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل لە رۆژانی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە سێ کەس دەستگیر کران – وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە
سێ دزن و قۆڵبەست کران
لە رۆژانی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دوو ماتۆڕیان دزی
964+
شۆڕش قادری
لە رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە کە شار بە تەواوەتی خەڵوەت ببوو، سێ بۆرە دز بەهەلیان زانی و دوو ماتۆڕسکیلیان لەناو شار دزی، پۆلیس دۆزینیەوە و قۆڵبەستی کردن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “دوای ئەوەی لەلایەن دوو هاوڵاتیەوە سکاڵا تۆمارکرا لەبەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، سەبارەت بەوەی کە ماتۆڕسکیلەکانیان لە ناو شاری هەڵەبجەدزراوە، دەستبەجێ لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەست کرا بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون”.
ئاماژەی بەوەشکراوە، لەڕێی مەفرەزەکانیانەوە توانراوە سێ تۆمەتبار بە ناوەکانی (م، د، ئـ) تەمەن 16 ساڵ و (هـ، هـ، ئـ) تەمەن 16 ساڵ و ( ی ، س، خ) تەمەن 17 ساڵ بە بڕیاری دادوەر دەستگیر بکرێن.
تۆمەتباران دانیشتووی دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن، لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بەپێی مادەی446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون.
یانزەیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 30.10.2025 دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.