ئەوەی پابەند نەبێت سزادەدرێ

بانگەشەی هەڵبژاردن وەستا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ماوەی بێدەنگیی فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق بەیانیی ئەمڕۆ شەممە كاتژمێر 7:00 دەستیپێكرد، ئەوەشی پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 8.11.2025 بێدەنگی و وەستانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد، ئەمەش رۆژێک پێش دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەتە، كە سبەی بەڕێوەدەچێت

لەم ماوەیەدا قەوارە سیاسییەکان و لایەنەکان قەدەغە دەکرێن کە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، تا کۆتایی بە پرۆسەی دەنگدانی گشتی دێت.

پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دووپاتی کردەوە کە “ماوەی بێدەنگی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی رۆژی شەممە دەستپێدەکات و تا کۆتایی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت”.

پێشتر هەڵمەتەكە لە رۆژی 3.10.2025 دەستیپێكرد.

کۆمسیۆن جەختی لەوە کردەوە کە “هەر چالاکییەکی بانگەشەی هەڵبژاردن یان بانگەشەکردن لەلایەن کاندیدەکان یان لیستە هەڵبژاردنەکانەوە لەم ماوەیەدا پێشێلکارییەکی روونە بۆ رێساکان، ئەوەشی پابەند نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر”.

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پێشتر روونیكردەوە، كە سزای پێشێلكردنی راگرتنی بانگەشە، لە غەرامەی دارایی دەستپێدەكات تا رادەی دوورخستنەوەی كاندید.

کۆمسیۆنەکە رایگەیاندووە، “ئامانج لە بێدەنگیی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و هاوسەنگە کە رێگە بە دەنگدەران بدات بە ئازادی بیربکەنەوە و نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن، بەبێ کاریگەری لە کۆتا ساتەكان یان بانگەشەی هەڵبژاردن”.

كۆمسیۆن داوای لە قەوارە سیاسییەکان و دەزگاکانی راگەیاندنیش کردووە، “بە تەواوی پابەندبن بە رێساکانی بێدەنگیی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ پاراستنی یەکپارچەیی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان”.

سبەی یەكشەممە دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و رۆژی 11ی مانگیش دەنگدانی گشتییە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.

"ئەگەر لە هەڵبژاردنیش سەركەویت و سكاڵات لەسەر بێت دووردەخرێیتەوە"