هەموو شارەوانییەکان چاوی لێ بکەن

کەلار بە سیستمێکی نوێ خۆی لە خۆڵ و خاشاک پاک دەکاتەوە

میدیازان – هونەر فارس – گەرمییان

+وێنە و ڤیدیۆ

بە دانانی دوو سندووق کە بە دوو بۆریی ژێرزەوییەوە بەستراونەتەوە، لەمەودوا چیتر خۆڵ و خاشاک لەناو بازاڕی شاری کەلار نابیندرێت.

سیستمەکە بە جۆرێکە، دوو بۆری لەمسەراوسەری بازاڕی کەلار لەژێر زەوی داندراون و دوو سندووقی گەورەی خۆڵ و خاشاکیش لە هەردوو سەری بازاڕەکەوە لەسەر دروست کراوە، دوکاندارەکان خۆڵەکە دەکەنە سندووقەکانەوە و لەڕێگەی ئامێری تایبەتیشەوە ڕۆژانە لە کۆتایی بازاڕەکەدا پاشماوەکان لە بۆرییەکەوە دەهێندرێنە دەرەوە و فڕێ دەدرێت.

“چیتر سەتڵی خۆڵ و پیسی بەسەر شەقامی ناوبازاڕەوە نابیندرێت و ئەو کارە زۆر باشە”، سەروەر سەباح، یەکێک لە دوکاندارەکانی بازاڕی کەلار وای وت.

“چیتر سەتڵی خۆڵ و پیسی بەسەر شەقامی ناوبازاڕەوە نابیندرێت و ئەو کارە زۆر باشە”

سیستمەکە لە چوارچێوەی نۆژەنکردنەوەی ناوبازاڕی کەلارە لە لایەن شارەوانیی شارەکەوە، کە هاوکات شاردنەوەی وایەری کارەبا و گۆڕینی ڕووکاری شەقامەکانیش لە قیرەوە بۆ بەردی کەرپستۆن لەخۆ دەگرێت و بە پێی زانیارییەکانی شارەوانیی کەلاریش ٩٠٪ کارەکان تەواو کراون. ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار بۆ میدیازان وتی: پڕۆسەی شاردنەوەی زبڵ و خاشاک لە قۆناغی کۆتاییدایە و سەرجەم سندووقەکان لە ژێر زەوی دانراون و هەرکات کارەکانی نۆژەنکردنەوەی شەقامی ناوبازاڕ کۆتایی هات، بە هەمان سیستم دەست بە کۆکردنەوەی زبڵ وخاشاک دەکرێت